خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان و شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان دوای خۆپیشاندانە گشتییەکان، ڕاپۆرتەکان باس لە دەسبەسەرکردنی چەندین چالاکوان، مامۆستای ئایینی و خوێندکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و ئێران دەکەن.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٢ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ئاماری دەسبەسەرکراون ڕایگەیاند: نیگەرانییەکان لەبارەی چارەنووسی سینا سەجادیمەنش، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “کاسەکەران”ـی گیەڵانغەرب، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە لە ١٩ی بەفرانباری ڕابردووەوە دەسبەسەر کراوە، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە و تۆمەتی “محاربە” دراوەتە پاڵی کە ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هێرشێکی شەوانەدا بۆ سەر ماڵی مامۆستا عەبدولڕەحمان حوسێنپوور، مامۆستای ئایینیی و هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها هاوکات لە ئیلام، محەممەد مێهدی ماکاننەمەتی، خوێندکاری ڕشتەی ئەدەبیاتی ئینگلیزی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی بڵاونەکراوەتەوە.
ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی فەرهاد وەزیری، ڕەزا پەرک، مستەفا کەمەرخانی و سرووش دەبیرمەنش، خەڵكی شارەکانی سنە، بۆجنوورد و ئیلام لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو بە ناوەکانی جەمال عەبدوڵڵاهی و بەهزاد عەبدی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تا ئێستا ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و جۆری تۆمەتی زۆربەی ئەو دەسبەسەرکراوانە نەداوە، ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە.

Be the first to comment