
خۆڕاگری: یونس شەریفیزلیلانی و ئەبووبەکر عوقابی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، یونس شەریفیزلیلانی و ئەبووبەکر عوقابی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی گوندی “باڵاگیر”ـی سەربە شاری شنۆ، پاش نزیکەی مانگێک دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کراون.
یونس شەریفیزلیلانی ڕۆژی دووشە، ٣٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ و ئەبووبەکر عوقابی، ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و کە بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، دەسبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچێنەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری شنۆ و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.