‌هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەردەشت بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: محەممەدئەمین حەسەننژاد، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەردەشت پاش زیاتر لە ٧مانگ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەدئەمین حەسەننژاد، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی گوندی “سیسێر”ـی سەربە شارۆچکەی ڕەبەتی شاری سەردەشت، پاش ٧مانگ و ١٣ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندخیانە ئازاد کراوە.

 ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ  بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و هەروەها بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا.