خۆڕاگری: سابیر مامشێخە، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، سابیر مامشێخە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە یەکێک لە شەقامە گشتییەکانی نەغەدە هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوبراو و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.