
خۆڕاگری: هاووڵاتییە خەڵکی سایینقەڵا بەناوی “یونس ڕەحمانی” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، یونس ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵكی ئاوایی “قۆزڵوو”ـی سەربە شاری سایینقەڵای ناوچەی هەوشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا لەلایەن ڕێژیمەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.