جێبەجێکردنی سزای ٧٤قامچی بەسەر ژنەچالاکێکی خەڵکی سنەدا لە تاران

خۆڕاگری: سزای ٧٤ زەربە لێدانی قامچیی “ڕۆیا حیشمەتی”، هاووڵاتی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران لە خانەی دادی ناوچەی ٧ی ڕێژیم لەو شارە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، سزای لێدانی ٧٤ زەربە قامچیی “ڕۆیا حیشمەتی”، چالاکی بواری ژنان و خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی تاران دوای بانگکردنی بۆ لقی ١ی خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا و هەروەها وەرەتای ئەمساڵ لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی بێحیجابی زۆرەملێ، سزای ١ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٧٤ زەربەی قامچی و ٣ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: کارمەندی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم بەهۆی دەرهێنانی لەچکە، هەڕەشەی کردووە کە توندتر قامچی لێبدات و پەروەندەیەکی نوێی بۆ بکاتەوە و هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەشێوەیەکی زۆر دڕەندانە ئەشکەنجەیان داوە.