ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان:”زیندانیانی سیاسی کوردستان باجی ئازادیخوازی و خەباتگێڕیی نەتەوەکەیان دەدەن”

لە سێ ساڵەی ناودێرکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و دۆخی بەشێکی زۆر لەو بەندییانە کارەساتبارە]

٤١ ساڵ لەمەوبەر، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢دا، ٥٩ لاوی کوردی خەڵکی مەهابادیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان لە شاری تەورێز گوللەباران کرد. ئەو ٥٩ بەندییە سیاسییە کە بەشێکیان مناڵ (ژێر ١٨ ساڵ) بوون بەبێ هیچ مافێکی یاسایی و بەبێ ڕەچاوکرانی پرۆسەیەکی دادپەروەرانەی قەزایی بەشێوەی بەکۆمەڵ گوللەباران کران و هەتا ئێستاش گۆڕبزر کراون.
دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکەش هەروەک سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی هێرش بۆ سەر خەڵکی کورد، ڕەشبگیری، ڕفاندن، گرتن و ئەشکەنجە، تاراندن، سێدارە و تێرۆر وەک سیاسەتی سەرەکیی ناوەند دژ بە ئازادیخوازان زیاتر پەرەی سەندەوە. لە ماوەی ٤٥ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە هەزاران هاونیشتمانی تەنیا لەبەر کورد بوون و لەسۆنگەی بیروبۆچوونی سیاسیی جیاوازەوە لە بەندیخانەکاندا ئێعدام کراون و چەند هێندەی ئەمەش بە بەخشینی تەمەنی خۆیان و، خۆڕاگری لەبەرانبەر ئازار و ئەشکەنجە و دەروەست بوون بە ڕێبازی هزرییاندا، باجی ئازادیخوازی و خەباتکاریی خۆیان و نەتەوەکەیان دەدەن.
ناودێرکردنی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ بەندیی سیاسیی کورد بە ڕۆژی “بەندییە سیاسییەکانی کورد” لە وڵاتێکی نادێموکراتیک و دیکتاتۆردا کە لەودا ئەو شەبەنگە بوێرەی کۆمەڵگە لەهەر چەشنە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆیان بێبەش کراون، گرنگی و بایەخی چالاکیی سیاسی خۆیا دەکات.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” لە سێهەم ساڵی ناودێرکردنی ئەو ڕۆژە تایبەتە لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت: دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، ژمارەی دەسبەسەرکراوەکان و دۆخی زیندانیانی سیاسی بەرەو هەڵکشان و خراپیی زیاتر دەچێت. بەندییە سیاسییەکانی کورد زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی ئێران دەکەونە ژێر گوشار و بە حوکمی نادادپەروەرانەی درێژماوە، سێدارە، لەسەرکار دەرکردن و دوورخستنەوە بۆ دوورترین بەندیخانەکانی ئێران سزا دەدرێن. تاوانی بەندییە سیاسییەکانی کورد تەنیا خۆشەویستیی بیروباوەڕ و بڕوابوون بە ماف، ئازادی، ئەوینی نیشتمان، یەکسانی و بەرامبەری و هەوڵدانی بەکردەوە بۆ دابینبوونی ئەو مافانەیە؛ بەڵام ئەمە لە ڕوانگەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییەوە گەورەترین تاوانە.
لەو ڕۆژەدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە، وێڕای بەرزنرخاندنی خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی و دەربڕینی ڕێز و ئەمەگناسی بۆ بنەماڵەکانیان، دەبێ بە هاوکاری و پشتیوانیی سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاریی مافەکانی مرۆڤ تێچووی ئەو هەمووە پێشێلکاری و سەرەڕۆییە لەسەر ئەو ڕێژیمە زیاتر بکەین و بەهەر شێوازێک بۆ لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەهەمبەر کۆمەڵگە بەتایبەت زیندانییانی سیاسی کاروچالاکیی شیلگێرانەتر بکەین.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی