
خۆڕاگری: زاهیر مەحموودیان و محەممەد خزری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ۳۱ی خاکەڵێوەی ۱٤۰٤ی هەتاوی، زاهیر مەحموودیان و محەممەد خزری، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەو دوو هاووڵاتییە لە پاش دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و هاوکات هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر مۆبایلەکانیشاندا گرتووە و هەروەها هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.