پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کوردەوە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگری کورد!

مێژووی ڕزگاریخوازیی کورد ئەگەرچی پڕ لە هەوراز و نشێو و تاڵ و ناخۆشییە، لە هەمان کاتدا پڕ لە شانازی بێوێنەیە کە لە مێژووی کەمتر نەتەوەیەکدا بەدی دەکرێن، ئەگەر شانازی لەلایەن نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە ئەوەیە کە توانیویانە کوردستان داگیر بکەن و ئەسپی خۆیانی تێدا تاو بدەن، شانازی نەتەوەی کورد ئەوەیە کە لە نێو کورددا ڕۆڵەگەلێکی ئازا و بەجەرگ هەبوون و هەن کە بە خۆڕاگری و قارەمانەتیی خۆیان ڕێگایان نەداوە ئەم ئەسپە چەمۆش و یاخییەی داگیرکەران بەبێ کۆسپ و لەمپەر لە کوردستاندا تەڕاتێن بکات و هەمیشە خەونی داگیرکەرانیان پووچەڵ کردووەتەوە. خۆڕاگریی و حەماسەکانی ڕۆڵە دەرەوەستەکانی کورد چ لە مەیدانی شەڕدا و چ لە مەیدانی بەرخۆدان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستاندا بەشی سەرەکیی چیرۆکی کوردایەتی و خەباتی ڕزگاریخوازیی ئێمەی کوردە کە سەرمەشقەکانی ئەم چیرۆکەمان لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و خۆسەپێنیی دەوڵەت ـ نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان پرسیاریان دروست کردووە و تا ئەو ڕادەیە بوونەتە کێشەی سەرەکیی پرۆژەکانی ئەم سیستەمە خۆسەپێنانە کە لە هەمبەر خۆڕاگریی و ورەی بەرزی شۆڕشگێڕانی کورد دوژمنان دەستەوەستان بوون.

یەکێک لەو ڕۆژە تاڵانەی کە پاش بەدەسەڵاتگەیشتنی ڕێژیمی ئاخوندەکان لە ئێران وەک بیرەوەرییەکی تاڵ لە مێژووی ڕزگاریخوازیی کورددا تۆمار کراوە، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوییە کە لەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی مەهاباد بە تاوانی کوردبوونەوە کۆمەڵکوژ کران. ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە تەمەنی بەشێکی زۆری ئەم گەنجانە هێشتا نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ، بەڵام ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران کە بنەمای دەسەڵاتی خۆی لەسەر کوشتن، گرتن و تۆقاندن دانابوو بەبێ گوێدان بە پرنسیپە مرۆیییەکان دەست دایە ئەم جینایەتە دڵهەژێنە و ڕۆژێکی ڕەشی دیکەی بەزیاد لە ڕۆژە ڕەشەکانی تر لە مێژووی خۆی تۆمار کرد. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی پێش ئەم کۆمەڵکوژییەش لەگەڵ بەندکراوانی کورد ئاکار و کردارێکی نامرۆڤانەی هەبووە و لەوانە تیربارانەکانی فرۆکەخانەی سنە و بەکۆمەڵ حوکمی گوللـەبارانکردنەکان بە فەرمان خەڵخاڵی لە مێژووی خۆیدا هەبووە، بەڵام ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان بە هۆی ئەوەی کە هەموو قوربانیانی بەندکراو لە تەمەنێکی نایاساییدا گوللـەباران کران دواتر لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەکوو ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کورد پەسند کرا، کە ئەمە بە واتای قووڵاییی کارەساتە مرۆییەکانە لە کوردستان و دەرخستنی ناخی دوژمنکارانە و نامرۆڤانەی ئەم سیستەمەیە بە نیسبەت کوردەوە.

هەر بەم بۆنەوە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان ١٢ی جۆزەردان و سەرجەم شەهیدان ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان و ڕێزگرتن لە خەباتی بێوچانی بەندکراوانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران و کڕنۆش بۆ بنەماڵەکانیان، لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانیان بەڵێن نوێ دەکاتەوە کە درێژەدەری ڕێگای پڕشکۆیان دەبێت و هەتا گەیشتن بە ڕزگاریی و سەربەستیی کورد و کوردستان لەم ڕێگایەدا هەدا نادات.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ی کوردی