پەیامی کۆمیتەی بەرێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان

١٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ هاوکاتە لە گەڵ ٤١ـەمین ساڵیادی ئێعدامی بە کۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد بە دەستی جینایەتکاران و کۆنەپەرەستانی سیستمی ویلایەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئاخوندی، کە بۆ دەربرینی ڕق و بێزاری خۆیان دەرحەق بە نەتەوەی کورد و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانیان، لە ڕەشبگیرییەکدا ٥٩ لاوی شاری مەهابادیان دەستبەسەر و بێ لێپرسینەوە ئێعدام کرد. شایانی باسە ڕێژیم لە ڕەشبگیری و کۆمەڵکووژییەدا ڕەحمی بە تازەلاوانی ژێر ١٨ ساڵیش نەکرد.

بەرپرسانی ڕێژیم بەم جینایەتە وایان دەزانی کە دەتوانن بۆ هەمیشە ئەم نەتەوە زۆڵم لێکراو و بە هەڵوێستە سەرکوت بکەن، بەڵام سیاسەتی قڕ کردن و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام ئاواتێکی بەتاڵی ئاخوندەکان بوو.

ڕێژیمی سەرەڕۆ و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی خۆی هەتا ئێستاکەش هیچ بڕوایەکی بە مافی گەلانی ناو جوغرافیای ئێران نەبووە وبەردەوام بە هێرش و ڕاوەدوونان لە فکری تواندنەوەی ئەم نەتەوانەدا بووە و لەو ئاکارە قیزەونانەی هەروا بەردەوامە.

لە جوغرافیای ئێراندا لاوان وەکوو چینێکی خاوەن هەڵوێست و خوازیاری گۆڕان، هەموو کات زیاترین زەربەیان وێکەوتووە و ئەم سیستمە داپلۆسێنەرەش لەهیچ ئامرازێکی سەرکوت دەستی نەپاراستووە  و لە پێناو تواندنەوە و پەراوێز خستنی ئەم جیلە هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە لاوان لە گەڵ ویست و داخوازییەکانی خۆیدا هاوتەریب بکات.

لاوانی کورد پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار دەیە لەو کۆمەڵکوژییە کە بەسەر لاوانی مەهاباددا سەپێندرا، ئەمڕۆکە بە هەڵوێستەکانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەلماندوویانە کە پەتی سێدارەی ئەو ڕێژیمە تووتالیترە ناتوانێ هەنگاوەکانیان بەرەو سەرکەوتن شل بکاتەوە، بگرە ورە و باوەڕیان بەهێزتر دەکات.

١٢ی جۆزەردان ئەگەر لەلایەک وەبیرهێنەرەوەی تاوانێکی قێزەونی کۆماری ئیسلامییە دەرحەق بە لاوانی کورد، لەهەمانکاتیشدا بەڵگەیە لەسەر ملکەچ نەبوونی لاوان بە خواستەکانی ڕێژیمی خۆسەپێنی ئاخوندی.

ئەمساڵانەی دوایی ١٢ی جۆزەردان لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان وەک ڕۆژی زیندانییانی سیاسی دیاری کراوە و بۆتە دەرفەتێکی دیکە کە لەم ڕۆژەدا بەتایبەتی یادی زیندانییانی سیاسی بەرز ڕابگیرێت.

سەروەری بۆ زیندانییانی سیاسی و بنەماڵە سەربەرزەکانیان

ڕوحی شەهیدان شاد بێت

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتی

١١ی جۆزەردانی ١٤٠٣