ئازادبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی بەندکراو و دەسبەسەرکراوی کورد بە بارمتە و بە مەرج

خۆڕاگری: ژمارەیەک هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد پاش ماوەی بەندکردن و لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی ” ١٦ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ و پێنج مانگ و ١٤ ڕۆژ بەندکردن، ماشاڵڵا کەرەمی باوکی محەممەد مەهدی کەرەمی (کۆمار) یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندی ١٤٠٤ی هەتاوی، بە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا و ئەوە ئازادکردنە مەرجدارە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.

لە شاری سنە، بەیان فەرەجوڵڵاهی چالاکوانی مەدەنی، دوای ٢١ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەیڕێژیم لە سنە ئازاد کرا و هەروەها بێهنام فاتێحی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، دوای ٢٤ ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە هەمان بڕی بارمتە (یەک ملیار تمەن) و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

هاوکات لە شاری جوانڕۆ، شەش چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی دەسبەسەرکراو بە ناوەکانی: ماهان ئەعزەمی، ئەدیب ساڵخۆردە، کامران مورادی، محەممەد هیجرانی، هیوا وەیسی و یەحیا دەروێشی کە پێشتر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندی ١٤٠٤ی هەتاوی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنیان ئازاد کران.

شایانی باسە کە، هەرچەندە ئەم ئازادکردنانە بووەتە مایەی خۆشحاڵی بنەماڵەکانیان، بەڵام ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە سەپاندنی بارمتەی قورسی وەک “یەک ملیار تمەن” گوشارێکی دارایی زۆر دەخاتە سەر بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان و وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانان بەکاردێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*