هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: خەبات وەیسی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ١٥مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەبات وەیسی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گوڵچیر”ـی سەربە شاری مەریوان، کە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٥مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی مەریوان کراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەریوان بەسەرۆکایەتی قازی “ڕوحی” بەتۆمەتی تەبلیغکردن بەدژی حکوومەت و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ١ساڵ و ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، خەبات وەیسی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا لە مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.