مامۆستایەکی خەڵکی سەقز بۆ جێبەجێکردنی سزای بەنکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سولەیمان عەبدی، مامۆستا و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفگی مامۆستایانی کوردستان لقی سەقز، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی کە بەسەریدا سەپێندراوە ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

نەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان لقی سەقز، کە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کرا.

مامۆستا سولەیمان عەبدی پێشتر لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەقز، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی، سزای ٨مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە، سزای ٨ مانگ بەندکردنی پێشووی ئەو مامۆستایە، بۆ ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بەو کەسانەی کە لە ژێر چاوەدێری کۆمیتەی ئیمداددان گۆڕدراو و سزای ٧٠ زەربە قامچییەکەی، بۆ دوو ساڵ و شەش مانگ هەڵپەسێندراوە و هەروەها  ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لە شوێنی کارەکەی خۆی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سەقز دەسبەسەر کرا و بۆ گوازرایە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە.