کۆماری ئیسلامی گوشاری خستۆتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد

خۆڕاگری: لە درێژەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد، ٣ئەندامی بنەماڵەی “حەسەن واژی” چالاکی سیاسیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی فاتمە پایمەرد، جەماڵەدین و عەبدولحەمید واژی، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە تارانەوە هاتبوون بۆ شاری پیرانشار، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا حەسەن واژی، چالاکی سیاسی و ئایینیی خەڵکی ئەو شارە و لە ئاکامدا فاتمە پایمەرد، هاوسەری و عەبدولحەمید واژی کوڕەکەی و لەگەڵ مامۆستا جەماڵەدین واژی برای لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەرکرا و لەگەڵ خۆیان بردوویانن بۆ ئیتلاعات و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەکردن لێیان، ئازاد کران.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو سێ کەسەیان بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کردووە و دواتر گواستوویاننەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار لەوێ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە توندی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و هاوکات هەڕەشەیان لێ کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، مامۆستا جەماڵەدین واژی پێشنوێژی گوندی “پەسوێ”ـی پیرانشار، نووسەر و لێکۆڵەر کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینییەوە لە ورمێ، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەێندرابوو، هەروەها مامۆستا حەسەن واژی یەکێک لە چالاکە سیاسی و ئایینییەکانی کوردە کە چەند ساڵ لەمەوبەر بەهۆی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ناچاربوو زێدی خۆی بەجێبهێڵێت  و ڕووبکاتە هەرێمی کوردستان.