باوک و خوشکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

خۆڕاگری: ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلمازی کچی، باوک و خوشکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەکەیان لە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی “ئەحمەد حەسەنزادە” باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بەشێوەیکەی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی خۆی و سۆڵمازی کچیان دەسبەسەر کردووە و گواستوویاننەتەوە بپۆ شوێنێکی نادیار.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شەهید محەممەد حەسەنزادە بووە و بنەماڵەکەی خەریکی ئامادەکاری بوون بەمەبەستی بەڕێوەبردنی  ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کە لە ناکاو هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و بە بێڕێزیکردن و لێدان سۆڵماز محەممەدزادە، خوشکی ئەو شەهیدەیان دەسبەسەر کردووە و ڕفاندوویانە و دواتر باوکیشیان بەهەمانشێوە دەسبەسەر کردووە و هەر بەوەش ڕانەوەستاون، بێڕێزی زۆریان بە بنەماڵەکەیان کردووە و دەستیان بە سەر مۆبایل و خۆیان و دوو دراوسێشیاندا گرتووە.

جێی ئاماژەیە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەحمەد محەممەدزادە و سۆڵماز محەممەدزادە لە بەردەستدا نییە و هەروەها ئەو باوک و کچە جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوون و سۆلماز ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەریش لەگەڵ ٣کەس لە هاوڕێکانی لە ڕێگای نێوان بۆکان بۆ سەقزدا دەسبەسەر کرابوو.