ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەوڵاوا بەناوی “فەرید ئاداک” ماوەی ٢مانگە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ٢مانگ لەمەوبەر، فەرید ئاداک، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “ژیوار”ـی سەربە شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی لە شاری کەرەج دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی ڕێگرییان لەوە کردووە کە هەواڵەکەی بە میدیایی نەکرێ و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ئەوەش ئەو بنەماڵەیەی نیگەران کردووە.