ڕاپۆرتی خۆڕاگری لەسەر سەدەمین حەفتەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە

خۆڕاگری: وێرای تێپەڕینی سەدەمین حەفتەی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە”، لە ٥٥ بەندیخانەی شارەکانی ئێران مانگرتنی جۆراوجۆر بەردەوامە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٣ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی” ماڵپەڕی خۆڕاگری لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کەمپەینی ناسراو بە «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» پێی نایە سەدەمین حەفتەی چالاکییەکانییەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، بەندککراوان لە ٥٥ بەندیخانەی جیاوازی ڕێژیمی ئێران لە شارە جیاجیاکان بە مانگرتن لە خواردن درێژەیان بەو ناڕەزایەتییە داوە و جەخت لەسەر داواکارییەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە دەکەنەوە.

سەد حەفتە بەسەر دەستپێکردنی ئەو جووڵە ناڕەزایەتییەدا تێدەپەڕێت و چالاکوانان ئەو هەنگاوە تەنها وەک ژمارەیەک سەیر ناکەن، بەڵکوو وەک هێمایەک بۆ «خۆڕاگری، ئازایەتی و باوەڕ بە کەرامەتی مرۆڤ» وەسفی دەکەن و بەردەوامیی مانگرتنەکان لە ژینگەی داخراو و سەختی ٥٥ بەندیخانەی وڵاتدا، پەیامێکە بۆ ئەوەی کە تەنانەت لە ژێر گوشاری توندی ئەمنیشدا، هیوای گۆڕانکاری و دەنگی دادپەروەری بە زیندوویی ماوەتەوە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادبوونی بەرچاوی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی سێدارە لەلایەن دەسەڵاتی قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، بەتایبەتی دژی زیندانیانی سیاسی و ناڕازییان، وایکردووە ئەم کەمپەینە لە چوارچێوەی دیوارەکانی زیندان تێپەڕێت، چالاکییەکە ئێستا گۆڕاوە بۆ هاوارێکی سەرتاسەری دژی ئەوەی چالاکوانان بە «سڕینەوەی سیستماتیکی مرۆڤەکان» ناوی دەبەن و لە ئێستادا بازنەی پشتیوانی لەم کەمپەینە فراوانتر بووە و بنەماڵە دادخوازەکان، خوێندکاران، چالاکانی سیاسی و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەنگیان خستووەتە پاڵبەندکراوان.

ئەم هاودەنگییە فراوانە نیشانەی ئەوەیە کە دژایەتیکردنی سزای سێدارە بووەتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران، داواکارییەک کە ڕیشەی لە پاراستنی مافی بنەڕەتی ژیان و کەرامەتی مرۆڤدا هەیە کە ئەمڕۆ، ئەم جووڵە ئازایانە بانگەوازێکە بۆ گۆڕینی داواکاریی زیندانیان بۆ پرسێکی گشتگیر، نیشتمانی و جیهانی بە مەبەستی ڕاگرتنی ماشینەکانی سێدارەی کۆماری ئیسلامی.