خۆڕاگری: ئەکبەر نەجەفیان، هاووڵاتیی تەمەن ٦٠ساڵانی خەڵکی بیجاڕ، پاش یەک حەفتە دەسبەسەربوون لەلایەن ڕێژیمەوە، تائێستا چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی یەک حەفتە لەمەوبەر هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بیجاڕ، ئەکبەر نەجەفیان، هاووڵاتیی تەمەن ٦٠ساڵانی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی هەروا بە نادیاری ماوەتەوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتەیەک تائێستا لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکی بە بنەماڵەکەی نەداوە و هەوڵ و بەداواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.