دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕیژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی “سۆران کەریمی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سۆران کەریمی، یەکێک لە چالاکوانانی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێش چاوی بنەماڵە و منداڵەکانی ئەو هاووڵاتییەیان بە شێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژیی دەسبەسەریان کردووە و لەو کاتەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکار دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.