دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی پیرانشار بەناوی “عەلی حوسێنپوور” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، عەلی حوسێنپوور، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “چیانە”ـی سەربە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتەوە ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژیی دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.