هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئیدریس دادڕەس، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان پاش زیاتر لە مانگێک دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئیدریس دادڕەس، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “سەردۆش”ـی سەربە شاری مەریوان، کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەی، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و پاش ٣٥ڕۆژ دەسبەسەرکردن بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.