دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بەناوی ” ڕێبوار یاسەمەنی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی،  ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری نەغەدە، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ڕێبوار یاسەمەنی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەوو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە، ٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە ژمارەیەک چەکداری سەرکوتکەر، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش بێڕێزیکردن و پشکنینی ماڵەکەی، دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها بنەماڵەکەی سەردانی زۆربەی ناوەندە سەرکوتکەرەکان و بەندیخانەیکانی ڕێژیمیان کردووە بەڵام هەوڵ و بەدواداچوونەکانیان بیئاکام ماوەتەوە.