ئەحمەد حەسەنزادە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا و سۆڵمازی کچی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ

خۆڕاگری: ئەحمەد حەسەنزادە لەگەڵ سۆڵمازی کچی، باوک و خوشکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، کە ٢ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا و کچەکەشی گوازاروەتەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی شەهید محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان وێڕای سۆڵماز حەسەنزادەی کچی و خوشکی ئەو شەهیدە، ٢ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران و لە ئاکامدا ئەحمەد حەسەنزادە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە بۆکان ئازاد کرا و سۆڵمازی کچیشی دوێنێ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ.

ئەو باوک و كچە ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان بەشێوەیکەی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردن.