سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: نەوید شەریفی، پێدرام مەحموودی و مزەفەر دارایی، سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، نەوید شەریفی، پێدرام مەحموودی و مزەفەر دارایی، سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە، هەرکامیان بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە ناوەڕاستی مانگی خەرمانان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوبوون و گوازرابوونەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستاشی لەگەڵ بێ کە بە دانانی بارمتەی قورسی ٣ملیاردتمەنی ئازاد کراون، هیچ زانیارییەکی و راست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.