هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد سزای بەندکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: محەممەدڕەزا قەیتەرانی، دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: محەممەدڕەزا قەیتەرانی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا و هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “دووستی” بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای ٦مانگ بەندکردن بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕەزبەری ئەمساڵ بە شێوەی فەرمی ئەو سزایەی پێ ڕاگەیەندراوە و ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵەکەیان و بەشێوەی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا.