لە درێژەی دەسبەسەرکردنەکانی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان سێ هاووڵاتیی دیکە دەسبەسەر کراون

خۆڕاگری: لە بەردەوامیی ترس و تۆقاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ٣هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بەناوەکانی ڕەشید ڕەحیمی، شەهرام نانەوا و زاهیر، لەلایەن هێزە چەکدارە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و قەزایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێ نادیار.

تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان.