ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی هەوشار لەلایەن ڕێژیمەوە بەرز بۆتەوە

خۆڕاگری: ٣هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ناوچەی هەوشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەرکران و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوان زیادی کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مرادی، ٣هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “قۆزڵوو”ـی سەربە شاری سایەنقەلای ناوچەی هەوشار لەلایەن هێزە داگیرکەرە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوانی خەڵکی هەوشار گەیشتۆتە ٧کەس.

هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی لە ناوچەی هەوشار بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی قۆزڵوو و بەشێوەیەکی دڕەندانە ئەو سێ هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لە سایەنقەڵا، لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵانە نەداوە.