دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بەناوی “لوقمان حاجی‌خۆش” لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، لوقمان حاجی‌خۆش، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “کۆنەقەڵا”ـی سەربە شاری شنۆ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و هەروەها مامی ناوبرا بەناوی “یوسف حاجی‌خۆش” ماوەی ١٠ڕۆژ دەبێ دەسبەسەر کراوە و تائیستا چارەنووسی ناڕوونە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا داوای لەو هاووڵاتییە کردووە کە سەردانی ئەو ناوەندە بکا، دوای سەردانیکردنی ناوبراو هەرلەوێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری بانگکردن و دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، یوسف حاجی‌خۆش مامی لوقمان و ئەندامی شۆرای ناوەندی وشۆرای ڕێبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد، دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.