هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: سابیر ئیبراهیمی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری شنۆ، پاش نزیکەی دوومانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، سابیر ئیبراهیمی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “ئاڵکاوێ”ـی سەربە شاری شنۆ پاش ٥٣ ڕۆژ دەسبەسەربوون لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥ ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شنۆ ئازاد کراوە.

ناوبراو دوای دەسبەسەربوونی لە شنۆ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ گوازرایەوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بووە و هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شنۆ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرابوو.