خۆڕاگری: سوهەیب ئیقباڵی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پاوە، پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی هەینی، ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سوهەیب ئیقباڵی هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری پاوە، ماوەی ٤ڕۆژ دەبێ کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە، تائێستاش سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ چارەنووسی هەروا نادیارە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ناوبراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروستیش لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.