کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردن و پارەی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشاندا سەپاند

خۆڕاگری: بەهمەن نادری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای بەندکردن و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەهمەن نادری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان، کەلە ساڵیادی شەهیدکردنی “ژینا” لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لەو شارە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامی، سزای ٦ مانگ بەندکردن و پێبژاردنی ٨ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ٢١ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لە ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر و دوای حەوتوویەک، بەدانانی بارمتەی ۵٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن داواکاری گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشانەوە بانگ کراو و دوای چەند کاتژمێر ڕاگیران و لێپرسینەوە، بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە کە، بەهمەن نادری لەلایەن لقی ٤ی لێپرسینەوەی داواکاری گشتی و ئینقلابی ڕێژیمەوە لە کرماشان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت بەدانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.