خۆڕاگری: لەگەڵ بەردەوامیی بەدوداچوونەکان لەسەر قوربانیانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، ناسنامەی ٧ هاووڵاتیی دیکەی کورد کە لە شارەکانی تاران، مەشەهد، ئەسفەرایەن و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم شەهید کراون، پشتڕاست کرایەوە.
ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٣١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە درێژەی بەدوداچوونەکانی خۆی بۆ ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییانی گیانلەدستدراوی کورد، ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، دکتۆر نەعیم عەبدوڵڵاهی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان و یاسا لە زانکۆی تاران و خەڵکی کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لە گەڕەکی “نازیئاباد”ـی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی خامنەیی گیانی لە دەست دا.
هاوکات یزدان ڕەوایی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری هەرسینی کرماشان، لە شاری شەهریاری تاران بە فیشەکی جەنگی چەکدارانی ڕێژیم گیانی لە دەست دا و هەروەها سەجاد گورجی، لاوی خەڵکی دینەوەری کرماشان، لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی سپارد.
محەمەد خدری، تەمەن ٢١ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵکی ئاشخانە، لە ناوچەی “بومێهن”ـی تاران بە فیشەکێک کە بەر “دڵ”ـی کەوتووە، شەهید کرا و لەخۆراسان و مەشەهد، کچە کوردێک بەناوی زەهرا عیدگاهی، کچە کوردێکی خەڵکی قووچان و دانیشتووی مەشەهد، لە گۆڕەپانی “حەوتی تیر”ـی مەشەهد بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانی لە دەست داوە.
ڕەزا خانزادە، تەمەن ١٩ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵکی ئەسفەرایەن، لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا بە فیشەکێک کە بەر “دڵ”ـی کەوتووە، گیانی لە دەست دا و هاوکات لە مان دوو ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی، ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، سیرووس حەربگین، هاووڵاتیی ئایینی یارسان و خەڵکی قەسرەشیرین، لە گەڕەکی ئیلاهییەی کرماشان کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بەرکەوتنی فیشەک بەر “سەر”ـی، شەهید کرا.
ئەم ئامارانە و شێوازی برینەکان نیشاندەری ئەوەن کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە ئامانجی کوشتن (پێکانی سەر و دڵ) و بە بەکارهێنانی چەکی جەنگی، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە.

Be the first to comment