هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەناوی “زانا مینبەری” پاش زیاتر لە ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، زانا مینبەری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە، پاش ١٣ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە کە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا و هەروەها تائێستا هیچ زانیاریەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.