دەسبەسەرکردنی لاوێکی ١٩ساڵانی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دیواندەرە لاوێکی تەمەن ١٩ساڵانیان بەناوی “کەیوان ڕەحیمپوو” دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتایە سەر گوندی “کەلەکان”ـی سەربە شاری دیواندەرە و کەیوان ڕەحیم پوور، لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی ئەو گوندەیان دەسبەسەر کرد.

هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی یەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و دڕەندانە ئەو لاوە تەمەن ١٨ساڵانەیان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی ڕەحیمپوور، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی کوڕەکەیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو شارە لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.