دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی خەڵكی جوانڕۆ بەناوی “محەممەد یوسفی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەد یووسفی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی جوانڕۆ، نزیکەی ١٠ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی ئەوەیکە خۆشحاڵی خۆی سەبارەت بە دۆڕاندنی تیمی هەڵبژاردەی تۆپی‌پێی ئێران دەربڕیبوو، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو مێرمنداڵە، دوای کێبەرکێی تۆپی‌پێی تیمی هەڵبژاردەی ئێران و هەڵبژاردەی قەتەر کە تیمی ئێران لەو یارییەدا دۆڕاندنی، لە نێوان ئەو خەڵکەی کە دڵخۆشیان سەبارەت بە دۆڕاندنی ئێران دەرێبوو، دەسبەسەر کراوە و تائێستاش کە نزیکەی ١٠ڕۆژ تێدەپەڕێ هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، بەپێی زانیارییەکان هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لەسەر ئەو بابەتە چەند مێرمنداڵێکی دیکەشی لەو شارە دەسبەسەر کردووە و بەڵام تائێستا ناسنامەیان بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکراوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە.