هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەناوی “ناسر عەلیپوور” بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی ڕێبەندانی ١٠٢ی هەتاوی، ناسر عەلیپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “داشبەند”ـی سەربە شاری بۆکان پاش زیاتر لە یەک مانگ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و بە مەبەسەتی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان کرا.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و چارەنووسی ناسر عەلیپوور لە بەردەستدا نییە.