کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر خوشک و برایەکدا سەپاند

خۆڕاگری: سروە و پەیمان شیری، خوشک و برای خەڵکی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ١٤مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سروە شیری، تەمەن ٢٢ ساڵان و براکەی پەیمان شیری، تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی گوندی “تەرەغە”ـی سەربە شاری بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، سروە سزای ٨مانگ بەندکردن و پەیمان سزای ٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو ئەو خوشک و برایە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەگەڵ ئامۆزایەکیان بەناوی “فەردین شیری” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بەشێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کران.