خۆڕاگری: میلاد ڕەشیدی خەڵکی سەقز و عەلی مەعرووفی خەڵکی مەهاباد، ماوەی زیاتر لە ١٠ڕۆژە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، ٧ و ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، عەلی مەعرووفی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و میلاد ڕەشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
ئەو دوو هاووڵاتییە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیاندا لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، تائێستا هیچ پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە نەکردووە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە.