مێرمنداڵێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: میلاد ناسری، مێرمنداڵی خەڵكی بۆکان پاش ١٥ڕۆژ ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، میلاد ناسری، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵکی گوندی “کانییەڕەش”ـی سەربە شاری بۆکان، پاش ١٥ڕۆژ دەسبەسەربوون لەلایەن ڕێژیمەوە، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٤٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی دەسبەسەر کران و بۆ ماوەیەک شوێنی ڕاگیرانیان نادیار بوو و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.