خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی “عەبدوڵڵا هۆشمەند و هاوڕێ قوە” ماوەی ١٠ڕۆژە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، عەبدوڵڵا هۆشمەند و هاوڕێ قوە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی پایەگای هەمزەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕێگای نێوان مەهاباد و پیرانشار بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەو دوو هاووڵاتییە سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیاندا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.