
خۆڕاگری: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان دەیهەوێ بە هەڕەشە، ترساندن و تۆقاندن ڕێگری لەوە بکات کە نەورۆزی یەکدەست و یەکگرتووی خاکیپۆشان بەڕێوەنەچێ و بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنیی و ژینگەیی بانگ کردووە و هەڕەشەی لێکردوون.
ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە نەورۆزی خاکیپۆشان و ڕایگەیاند: ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارە جیاجیاکانی کوردستان زۆربەی زۆری چالاکوانانی مەدەنی، ژینگەی و فەرهەنگییەکانی بانگ کردووە و هەڕەشەی لێکردوون کە نابێ ڕێوڕەسمی نەورۆز بە جلی خاکی و جامانەوە بەڕێوە بچێت و زۆر بە دەگمەنیش مۆڵەتی بەرێوەچوونی نەورۆزی بە چالاکوانان داوە مەگەر ئەوەیکە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆخۆیان چاوەدێری بکەن.
ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئەوەندە لە بەڕێوەچوونی نەورۆزی خاکیپۆشان دەترسن کە تەنانەت بە بەرگدوور و قوماشفرۆشەکانیشیان ڕاگەیاندووە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک جلی خاکی و جامانە بە هاووڵاتییان بفرۆشن، هەموو هەوڵی خۆیان داوە کە نەورۆزی خاکیپۆشان بەڕێوە نەچێ، بەڵام خەڵكی تێگەیشتوو و کچ و کوڕانی کورد لەژێر هیچ گوشار، ترس و هەڕەشەیەکی دوژمندا ناسڵەمێنەوە و سارد نابنەوە و بە یەکدەنگی و یەکرگرتووی بڕیاریان داوە کە بەشێوەیەکی بەچاو لە هەموو کوردستان نەورۆزی خاکیپۆشان بەڕێوە ببەن و هەموو کوردستان بە گڕی نەورۆزی خاکیپۆشان گەرم و بەتین بکەن و پیلانەکانی ڕێژیمی تێدا بسووتێنن.
خەڵکی ڕووناکبیری کوردستان لەوە تێگەیشتوون کە ڕێژیم دەیهەوێ بە پلان ڕێگری لە نەورۆزی نەتەوەیی کورد بکات بەڵام هیچ نەتەوەیەک نییە لە ژێر ترس و تۆقاندن بایەخ بە بەها نەتەوەییەکانی خۆیان نەدەن و زۆر ئاشکرا دیارە هەموو ئەو پیلانەی ڕێژیم وەکوو پیلانەکانی دیکەی بەدژی گەلی کورد، لەلایەن کوڕ و کچانی کوردستانەوە وەکوو بڵقی سەر ئاوی لێدێت و نەورۆزی خاکیپۆشان لەسەر دەستی خەڵکی بە هەڵوێستی کوردستان بەڕێوە دەچێ و هەروەها ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی نەورۆزی خاکیپۆشان دەربڕیوە.