سێ بەندکراوی سیاسیی خەڵكی پیرانشار لەنیوەی تێپەڕاندنی سزاکەیان لە بەندیخانە ئازاد کران

خۆڕاگری: ئیسماعیل تەجەلا، سینا دەشمیر و ئاکام خزرزادە، سێ بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار لەنیوەی تێپەڕاندنی سزاکانیان، بە گۆڕینی سزای بەندکردن بۆ دەنگی کراوە و پێبەندی ئەلیکترۆنیکی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، سینا دەشمیر، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “گەزگەسک”ـی سەربە پیرانشار بە گۆڕینی سزای بەندکردنەکەی بۆ پێبەندی ئەلەکترۆنیکی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا و ماوەی یەکساڵ و یەکمانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕاند.

هاوکات ئیسماعیل تەجەلا و ئاکام خزرزادە، دوای گۆڕینی سزای بەندکردنەکەیان بۆ دەنگی کراوە، لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کران و ئەو دوو بەندکراوە هەرکامیان ١٠ مانگ و ١٣ ڕۆژ و ٨ مانگ و ٨ ڕۆژ لە ماوەی سزای بەندکردنەکەیان تێپەڕاندووە و هەروەها ئیسماعیل تەجەلا، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ئەمساڵ، پاش بانگکردنی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لە نەغەدە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی، دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە.

سینا دەشمیر، ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، پاش  بانگکردنی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لە پیرانشار، دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ئاکام خزرزادە، خەڵکی گوندی “کانی بوداغ”ـی سەربە پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرایەوە.

شایانی باسە کە ئەو سێ هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتگەلی جیاجیا وەکوو ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای بەندرکردنیان بەسەر سەپێندرابوو.