دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سینا دەشمیر، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینابە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ٦ساڵ و ٣مانگ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سینا دەشمیر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گەزگەسەک”ـی سەر بە پیرانشار و یەکێکە لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، پاش ئەوەیکە لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی “ئەمیر ئوجاقلوو”، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٤٠ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی دروشمنووسین و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٣۵ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سزای ٤٠ مانگ بەندکردنی ئەو هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت.

سینا دەشمیر لە پەروەندەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە پیرانشار بە سەرۆکایەتی قازی “ڕەزا قارەمانی‌سەعاتلوو”، بەتۆمەتی هەوڵی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی، سزای ٣مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچی و هەروەها سزای پێبژاردنی ۵٠ ملیۆن ڕیاڵی ئێرانی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە درێژەی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرا و دوای مانگێک بە دانانی بارمتەی ٤ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.