دەزگای قەزایی کۆمای ئیسلامی تۆمەتی بەغی داوەتە پاڵ ٣چالاکی ئایینیی کورد

خۆڕاگری: سولەیمان ئەدهەمی، حوسێن خەسرەوی و هیوا نووری ٣چالاکی ئایینیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی “بەغی” تاوانبار کراون.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سولەیمان ئەدهەمی، حوسێن خەسرەوی و هیوا نووری، ٣چالاکوانی ئایینیی خەڵکی شاری بۆکان کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە تۆمەتی “بەغی” دراوەتە پاڵیان و مەترسی ئەوە هەیە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێندرێ.

ئەو ٣چالاکوانە ئایینییە کە لەئێستادا لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراون، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە لە ورمێ تۆمەتی بەغی، ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم دراوەتە پاڵیان و ئەوەس مەترسی جیددی خستۆتە سەر ژیانیان کە ئەگەری ئەوە هەیە بەو تۆمەتە سزای سێدارەیان بەسەردا بسەپێندرێ.

شایانی باسە کە، ئەو ٣چالاکوانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیاندا، ٣مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگیرابوون و لەلایەن لێکۆڵەری ئیتلاعاتەوە بەمەبەستی دانپێدانان بەدژی خۆیان لەژێر ئەشکەنجەدا بوون و لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون، هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە بۆکان بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعات لە ورمێ گوازراونەوە.