خوشکی دەسبەسەرکراوی شەهید شەهریار محەممەدی بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەسرین محەممەدی، خوشکی شەهید شەهریار محەممەدی و هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەسرین محەممەدی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان و خوشکی شەهریار محەممەدی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، پاش ٤ڕۆژ دەسبەسەربوون بەشێوەی کاتیی لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەو شارە تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

ناوبراو شەوی چوارشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بۆکان، کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردو و لەگەڵ خۆیان بردیان و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.