دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی بۆکان بۆ دووهەمجار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مامۆستا حەسەن فەتحی‌خەزەرلەکی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان بۆ دووهەمجار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە دەسبەسەر کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا مەلا حەسەن فەتحی‌خەزەرلەکی، مامۆستای ئایینیی و پێشنوێژی گوندی “قزلیان”ـی سەربە شاری بۆکان، بۆ جاری دووهەم لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

مامۆستا حەسەن ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی هەمانساڵ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە گرتنگەی ڕێژیم لە بۆکان ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و بنەماڵەکەشی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر چارەنووسی زانیارییان دەست بکەوێ بەڵام ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە.