خاتوونێکی چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی ناوەندی چاکسازیی کرا

خۆڕاگری: هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی کە بەسەریدا سەپێندراە، ڕەوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ڕێژیم لە سنە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زینداییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، بەتۆمەتی کۆبوونەوەی و پێکهێنانی گرووپ بەدژی حکوومەتی ڕێژیمی ئێران سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، بۆ یەک ساڵ بەندکردن کەم کرایەوە.

هاجەر سەعیدی، کە سزاکەی پێڕاگەیەندرا هاوکات بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی کە یەک ساڵ بەندکردنە، ڕەوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە کرا و هەروەها نابراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵیان دەسبەسەریان کردبوو و پاشان ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەدان بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.