سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی “کەیوان زەندکەریمی” دەسبەسەرکراوی  شۆڕشی ژینا لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کەیوان زەندکەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بە تۆمەتی پێکهێنانی باند و گرووپ، پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

کەیوان زەندکەریمی، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، بەشێوەی فەرمی ئەو سزایەی پێ ڕاگەیاندرا و هەروەها ناوبراو ٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سنە دەسبەسەر و دواتر گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە و ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، پاش ٤مانگ و نیو دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە کە، کەیوان زەندکەریمی، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ چيند ڕۆژێک پاش ئازادبوونی کاتییەکەی، بە مەبەسەتی دۆخی پەروەندەکەی سەردانی دادگای کردبوو و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە جارێکی دیکە دەسبەسەر کراویەوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گوازرایەوە کە کۆتاجار ٤مانگی خەرمانان ئەمساڵ دیسان بە دانانی بارمتە ئازاد کرایەوە.