چالاکێکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز لەلایەن ئیتلاعاتەوە ماوەی دەسبەسەرکردنەکەی درێژ کرایەوە

خۆڕاگری: شێرکۆ حیجازی، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ماوەی دەسبەسەرکردنەکەی بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگیراوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: بڕیاری دەسبەسەرکردنی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی شاری سەقز کە چەند ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە سنە گوازرابووەوە، بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژکراوەتەوە و لە ئێستادا لە گرتنەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە ڕاگیراوە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

شێرکۆ حیجازی کە پێشتر بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ئەشکەنجە درابوو، ئێستا ماوەی دوو مانگ و پێنج ڕۆژە لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕاگیراوە و بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کە لە هەر چەشنە چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر بێبەری کرابوو، لە مانگی ڕەزبەریشدا بۆ ماوەیەکی وەها درێژکرابۆوە.

جێی ئاماژەیە کە، شێرکۆ حیجازی، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سەقز بەشێوەیەکی دڕەندانە و بێڕیزکردن لە نزیکی شوێنی کارەکەیدا دەسبەسەر کراوبوو.