خۆڕاگری:ئارام نیکپەی، خەڵكی مەریوان و مەجئد دەریایی، خەڵكی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کران.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، ئارام نیکپەی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «نێ»ـی سەر بە شاری مەریوان، بۆ جێبەجێکردنی سزای سێ مانگ بەندکردنەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەریوان دەسبەسەر کرابوو و پاشان دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.
لە لایەکی دیکەوە و لە دۆسیەیەکی هاوشێوەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “١٨ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی”، مەجید (نەجمەدین) دەریایی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری شنۆ، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا و ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن لقی یەکی جێبەجێکردنی سزاکانی داواکاری گشتی و ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شنۆ ئاگادار کرابووەوە کە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی سەردانی ئەو ناوەندە بکات و هەروەها لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤دا، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ڕێژیم لە شنۆ بەتۆمەتی چالاکیی پڕوپاگەندەیی لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم، سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.
جێی ئاماژەیە کە، لە ماوەکانی ڕابردوودا دەزگا سەرکوتکەرەکان و دادوەرییەکانی ڕێژیمی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان چڕتر کردووەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بە تۆمەتی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی سزای بەندکردن بوونەتەوە.

Be the first to comment